بەرەی گەل سەبارەت بە سزادانی لاهور تاڵەبانی و گیراوانی دیکەی لالەزار لایەن دادگای سلێمانییەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕیاری دادگاکەی بە 'ناڕەوا' و 'دەستوەردانی سیاسی' وەسف کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی گەلدا هاتووه، لە شاری سلێمانی دادگا بڕیاری بەندکردنی بۆ لاهور تاڵەبانی و ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار دەرکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو و یاسایی بەدەستەوە بێت.
بەرەی گەل جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە دوورە لە پرەنسیپەکانی دادپەروەری و یاسا، و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو بڕیارەی دادگای سلێمانی بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم کردەیە وەک 'شانۆگەرییەکی سیاسی' دەبینن و داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان و دادگای فیدراڵیی عێراق دەکەن ڕێگری لە دەستوەردانی سیاسی لە کارەکانی دادگادا بگرن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەرەی گەل داوای لە هاووڵاتییان، حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کردووە هەڵوێست بنوێنن لە بەرامبەر تاکڕەوی و نادادی، هاوكات داواشی لە لایەنگرانی لاهور تاڵەبانی کردووە خۆڕاگر بن.