لە میانەی گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆناڵد ترەمپ توانیویەتی 72 ملیار دۆلار لە تیک تۆک بەدەستبهێنێت و لە ڕیزبەندییەکەی پلاتفۆرمەکەشدا پلەی یەکەمی گرتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند، توانیویەتی بڕی 72 ملیار دۆلار لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکەوە بەدەستبهێنێت و لە ڕیزبەندییەکەشدا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.
ترەمپ لە گوتەکانیدا پرسیاری لە ئامادەبووان کرد و گوتی: "ئایا دەزانن کێ ژمارە یەکە لە تیکتۆک؟ ترەمپ، ترەمپ ژمارە یەکە."، ناوبراو سەرسووڕمانی خۆی دەربڕی و پرسیاری کرد کە ئایا کەس باوەڕ بەوە دەکات کە تایلۆر سویفت لە پلەی نۆزدەهەمدایە، لە کاتێکدا ئەو خۆی لە پلەی یەکەمدایە و تازە ڕیزبەندییەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە هەمیشە دەگوترێت تیکتۆک پەیوەندیی بە چینەوە هەیە، کەچی ئەو توانیویەتی لەو پلاتفۆرمەدا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە، تەنها کارێک کە لەو پلاتفۆرمەدا ئەنجامی دەدات، باسکردنی شتی باشە دەربارەی خۆی و خۆپاراستن لە قسەی خراپ.