قەیرانێکی نوێی خێزانی عێراقی هەژاندووە، لە هەر کاتژمێرێکدا 9 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێت و بەغدا، نەینەوا و بەسرە لە پێشەنگی ئەو شارانەن کە زۆرترین تەڵاقیان تێدا ڕوودەدات.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە مانگی ئەیلوولدا بە گشتی 6,741 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، کە بە تێکڕا دەکاتە 225 حاڵەت لە ڕۆژێکدا، واتە نزیکەی 9 حاڵەت لە کاتژمێرێکدا و حاڵەتێک لە هەر شەش خولەکێکدا. لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، بەغدای پایتەخت لە ریزبەندی پێشەوەدا هاتووە و دوا بە دوای ئەویش پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە دێن.
وەلا محەممەد، ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (العربی الجدید) ڕایگەیاندووە، ئەو ژمارانەی ئەنجوومەنەکە بڵاویان کردووەتەوە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە لە ناو دادگاکاندا تۆمار کراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە، پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاتر بێت، چونکە بەشێکی زۆر لە جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان و سیستەمی یاسایی فەرمی ڕوودەدەن و تۆمار ناکرێن.
ئەو ئەندامەی سەندیکای پارێزەران جەخت دەکاتەوە، لە ساڵی 2021ـەوە ژمارەی حاڵەتەکانی تەڵاق لە عێراق مانگانە لە 6 هەزار حاڵەت دانەبەزیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەزاران خێزان لە مانگێکدا کە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا منداڵان دەبنە قوربانیی یەکەم.