لەسەر سکاڵای ژمارەیەک هاووڵاتیی و چالاکوانی دەڤەری پشدەر، بە فەرمانی داواکاری گشتی، عوسمان کوێخا باپیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی "شەهید عەبدولڕەحیم" لە ناحیەی سەنگەسەر دەستگیر کرا.

 

ئه‌مڕۆ سکاڵاکاران بە جووتیار ڕەسووڵ، پەیامنێری پایتەخت میدیایان ڕاگەیاند، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لەسەر چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی بووە، لەوانە دیارنەمانی بڕی 50 ملیۆن دینار لە کاتی نۆژەنکردنەوەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە.

 

سکاڵاکاران ئاماژەیان بەوە کردووە، بەڕێوەبەرەکە دوو کوڕی خۆی لە شوێنی دوو کارمەندی دیکەی گرێبەست داناوە، لەگەڵ بوونی چەند دۆسیەیەکی دیکەی کەمتەرخەمی و سەرپێچی.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند: "ئێمە لێژنەیەکمان لەسەر ئەم بابەتە پێکهێناوە و لێژنەکە کۆنووسی کۆتاییی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئامادە کردووە و پێشکەش بە دادگای کردووە تاوەکو ڕێکارە یاسایییەکان بگرێتە بەر."