هۆکاری دەرکردنی ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەکانی ئازەربایجان سەرپۆشییان کردبوو، ئاشكرا بوو و دەرکەوت پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئیسرائیل و هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە هەیە، بۆ گۆڕینی سیستەمی پەروەردە بەشێوەیەکی ڕیشەیی.

ئەمڕۆ میدیا تورکییەکان لەبارەی هۆکاری ڕێگریکردن لەو قوتابییە موسڵمانانەی سەرپۆش دەکەن، بڵاویانکردەوە، پێشووتر لە ساڵی 2023 لە کۆڕبەندی 'ئیسرائیل - ئازەربایجان بۆ داهێنان'، ئەمین ئەمڕولاێیڤ، وەزیری پەروەردەی ئازەربایجان ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی هەوڵی جێبەجێکردنی داهێهنانی نوێ لە سیستەمی پەروەردە دەدات و بەشێوەیەکی ئەرێنییانە سوود لە ئەزموونیان لە ئیسرائیل وەردەگرن.

ئەمین ئەمڕولاێیڤ جەختی کردبوویەوە، ئەوان هیوادارن ئەزموونیان لەگەڵ ئیسرائیل یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردەی وڵاتەکە و بۆ ئەم مەبەستە، ئاماژەی بە ناردنی مامۆستایانی قوتابخانەکان بۆ ئیسرائیل کرد تا لەوێ مەشقیان پێ بکرێت و ئەزموون و کارامەیی نەوەی نوێ فێرببن.


وەزیری پەروەردەی ئازەربایجان لە هەمان ساڵدا لە کۆنفرانسێکی دیکەدا بە ناوی 'مۆدێلە هاوچەرخەکانی پەروەردەی ئایینی لە پێناو نەریتەکان و ئاڵۆنگارییە جیهانییەکاندا' لە بارەی گوتنەوەی وانە ئاینییەکان لە قوتابخانەکان گووتی: "جێگەی قبووڵ کردن نییە پەیامی ئایینی بە ناوی پەروەردەی ئایینییەوە بە خوێندکارانی قوتابخانە و زانکۆکان بدرێت، پێویستە دایک و باوکان بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو پەروەردە ئایینییە بکەن کە منداڵەکانیان وەریدەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە نازانین چی بە ناوی ئایینەوە دەخرێتە مێشکی منداڵانەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، چەندین ڕۆژە لە قوتابخانەکانی ئازەربایجان قوتابییانی موسڵمان بەهۆی پۆشینی 'لەچک' دەردەکرێن و لە خوێندن بێبەش دەکرێن، ئەوانیش لە بەردەم قوتابخانەکان ناڕەزایی دەردەبرن، بەشێوەیەک کە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی گریانی قوتابییانی سەرەتایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاندووە و کاردانەوەی بەلێشاویی بەدای خۆیدا هێناوە.

لە ئەنجامی ناڕەزاییەتییەکان و بە بیانووی نانەوەی پشێوی و ڕەتکردنەوەی بڕیاری 'یەکپۆشیی نیشتمانی لە پەروەردە'، تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان 37 کەسی دەستگیرکردووە.