چەند کەس دەستگیر کران و لێکۆڵینەوەی چڕ دەستیپێکرد، ئەمە دەرەنجامی هەوڵی چەند کەس بوو، بۆ هێرشکردنەسەر بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد، تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەریتانیاش کۆتا قسە دەکات و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەم پیلانە تاوانبار دەکات. 

 

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بە فەرمی و لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران ڕێکخەر و ڕێنماییدەری هێرشکردنەسەر بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد بووە، ئێمە لەمبارەوە بێدەنگ نابین و سزای توندتر بەسەریاندا دەسەپێنین. 

 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکرانی دوو کەسی پەیوەندیدار بە هێرشەکەی سەر فێرفۆردەوە بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی بەریتانیا دوو هاووڵاتیی بە تۆمەتی چالاکیی دوژمنکارانە و هاوکاریکردنی ڕژێمی ئێران دەستگیر کردووە، کە دەستیان هەبووە لە ڕێکخستن و پلانداڕشتن بۆ جووڵەی تیرۆریستی لە خاکی بەریتانیا. 

 

دۆسیەی هێرشکردنەسەر بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد، ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە تاوتوێ دەکرێت و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە، فێرفۆرد بنکەیەکی ئاسمانیی تایبەتە بە هێزەکانی ئەمریکا و لە شەڕ دژی ئێران، چەندین جار ئەمریکا کەڵکی لێ وەرگیراوە، چەندین کەس بە تۆمەتی هێرشکردنەسەر ئەو بنکەیە لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە دەستگیر کراون. 

 

بەرپرسانی ئەمنی و ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئیسرائیل پێیان وایە، سوپای پاسدارانی ئێران دەستێکی بەهێزی هەبووە لە هێرشکردنەسەر ئەو بنکەیە، لە هەمانکاتدا تاران ئەم بۆچوونانەی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سوپای پاسدارانی بە داڕێژەر و ڕێکخەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد.