لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاراستنی باری تەندروستیی منداڵان لە ناوەندەکانی خوێندن، فرۆشتنی چپس لە کانتین و فرۆشگای قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا و لەمەدوا لە لیستەی خۆراکە ڕێگەپێدراوەکان نابێت.

پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی بڕیارەکە ڕاگەیاند، وەزارەتی پەروەردە لەم بڕیارە تەنها لایەنی جێبەجێکارە و سەرچاوەی بڕیارەکە لای وەزارەتی تەندروستییە.

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، بڕیارەکە دوای ئەوە هاتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، بە فەرمی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ئاگادار کردەوە کە چیتر مۆڵەت بە فرۆشتنی چپس نادرێت، چونکە بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان بۆ تەندروستیی منداڵان گونجاو نییە.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕوونیکردەوە، ئەم بڕیارانە و تەواو پرۆسەکە ساڵانە لە کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکاندا دەستپێدەکات، بە جۆرێک وەزارەتی تەندروستی لیستێكی تایبەت بە خۆراکە قەدەغەکراوەکان و مەرجەکانی ئاسایشی خۆراک ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەکات، ئەوانیش وەک بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر سەلامەتیی گیانی قوتابییان، ڕێنماییەکان دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.