پەیامی فەرمی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنفرانسی ساڵانەی نوێژ لە شاری مەشهەد خوێندرایەوە، تێیدا تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی ئیمانی هاووڵاتییان و داوا كرا نوێژه‌كانییان له‌ واده‌ی خۆی بۆ زیادبوونی ڕزقییان بكه‌ن.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، لە پەیامێکدا بۆ 33یەمین کۆنفرانسی سەرتاسەریی نوێژ لە شاری مەشهەد، په‌یامی موجتەبا خامنەیی خوێندرایەوە و له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژەی بەوە کردووە، نوێژ جگه‌ له‌ فەریزەیەکی تاکەکەسی، کۆڵەکەی سەرەکی حكومەتی دادپەروەران و سەرچاوەی زیادبوونی ڕزق و بەرەکەتە.

 

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووه‌، نوێژ فاکتەری سەرەکی سەرکەوتنی گەلی ئێرانە لە مەیدانی ململانێ و جەنگە چارەنووسسازەکانی ئەمڕۆدا.

 

ڕێبەری ئێران لە پەیامەکەیدا داوای لە خێزانەکان، ناوەندەکانی پەروەردە، زانکۆکان، میدیای فەرمی و هێزەکانی بەسیج کرد کە ئەرکی خۆیان لە پەرەپێدانی نوێژ لەنێو توێژی گەنجاندا جێبەجێ بکەن تا وڵات بەرەنگاری ئاڵۆزییەکان ببێتەوە.

 

کۆنفرانسی سەرتاسەریی نوێژ لە ساڵانی دەیەی 1990ـه‌وه‌ بە دەستپێشخەریی موحسین قەرائەتی بە شێوەی ساڵانە لە ئێران بەڕێوە دەچێت و تێیدا ڕێنماییی نوێ بۆ دامەزراوە ئایینی و پەروەردەییەکان دەردەکرێت.