بۆ ماوەی مانگێک پڕۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێدەکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی دروستبوونی قەیرانی غازی ماڵان جەخت لەوە دەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی غاز نابێت.

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ئێستادا بڕی بەرهەمهێنانی غاز 640 ملیۆن پێی سێجایە، لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازییەکەدا بەرهەمهێنان بۆ 520 ملیۆن پێی سێجا کەم دەبێتەوە.

کۆمپانیای دانا غاز لە ڕێککەوتی 2ـی 10ـی 2026 تا 2ـی 11ـی 2026، دەست بە پرۆسەی چاکسازیی ساڵانە لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە، ئاستی کەمبوونەوەکە دیاریکراوە و نابێتە هۆی دروستبوونی هیچ ئاستەنگێک لە دابینکردنی غازی شل بۆ هاووڵاتییان.

لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازییەکەدا، چەند کاتژمێرێک پێدانی کارەبای گشتی کەم دەبێتەوە، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەماهەنگیی تەواو دەکەن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا لە ناو پرۆژەی ڕووناکیدا هەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە پرۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە وەرزی پایز بەڕێوە دەچێت، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.