دوای 11 ساڵ لە ئامادەیی و جێگیرکردنی پێگە سەربازییەکان لە ناوچەکە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی سەربازگەکانی لە سنووری شەنگال دەست پێکرد.
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی بەرگریی کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی سەربازگەکان لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی عێراقدایە و تەواوی پرۆسەکە بەپێی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا بەڕێوە دەچێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی کردەوە، سەربازگەی باشیک – زێلکان بە شێوازێکی قۆناغ بە قۆناغ ڕادەستی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق دەکرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکگەیشتنە ئەمنی و ناوچەیییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بۆ بەهێزکردنی سەقامگیرییە.
سەربازگەی باشیک – زێلکان لە سنووری شەنگال لە کانوونی یەکەمی 2015 لەلایەن سوپای تورکیاوە دامەزرا.
شەنگال کەوتووەتە ڕۆژئاوای باشووری کوردستان و بە دووریی 120 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری مووسڵە و نزیکە لە سنووری سووریا، هاوکات شەنگال ناوچەیەکی کوردستانیی ئاوەدان و فرەکەلتوورە و ناسنامەیەکی تایبەتی وەک مەڵبەندی ڕەسەنی کوردانی ئێزدی هەیە.