پاکستان چەند هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئەفغانستان ئەنجامدا و بەهۆیەوە 22 کەس کوژران، بڕێکی زۆریش لە چەک و تەقەمەنی تەقێندرانەوە.
ئەمڕۆ حکومەتی پاکستان ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر ئاسمانی ئەفغانستان لەسەر بنەمای 'هەواڵگری باوەڕپێکراو' بووە و حەشارگەی سەربازیی کردووەتە ئامانج و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی لەناوبراون.
حکومەتی پاکستان ئەوەشی خستەڕوو: ''10 پێگە کراوەتە ئامانج کە بۆ هەڵگرتن و ئاڕاستەکردنی درۆن دژی ئامانجەکان لە پاکستان بەکار هاتوون، ئەمەش لە پێناو بەرگریکردنە لە خۆمان''.
لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئەفغانستان بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر هەردوو ویلایەتی 'کونەر و هێلمەند' بووە، لە ئەنجامدا نزیکەی 20 کەس بوونە قوربانی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کردەوەیە بە تاوان و پێشێلکردنی هەموو بنەما قبووڵکراوەکان شەرمەزار دەکەن.
لەماوەکانی ڕابردوودا گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان گەیشتە قۆناغێکی ئاڵۆز و زیاتر پەرەی سەند، سەرەڕای هەوڵەکانی نێوەندگیران بۆ ئاگربەست، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانەوەی هێرشەکانەوە ئاگربەست زۆری نەخایاندووە و دۆخەکەش بە ناسەقامگیری ماوەتەوە.