ئەمریکا هاوشێوەی ئۆکراینا بەرۆبۆتکردنی جەنگی ڕاگەیاند و بۆ ئەم مەبەستە، داوای قبووڵکردنی ملیارەها دۆلار لە کۆنگرێس دەکات.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە شارۆچکەی کوانتیکۆی ویلایەتی ڤێرجینیا ڕایگەیاند، ئەمریکا دەست بە دروستکردنی فەرماندەیەکی نوێی سەربازی دەکات، کە دەبێتە بەرپرسی 'سیستەمی جەنگی خۆبەڕێوەبەر'، سیستەمەکە پێکدێت لە بەکارهێنانی درۆن، رۆبۆت و سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە جەنگەکانی داهاتوو.
'فەرماندەی جەنگی خۆبەڕێوەبەر' (AutoWarCom) دەتوانێت ئەرکی جەنگیی دیاریکراو بەبێ ڕابەرایەتی بەردەوامی مرۆڤ جێبەجێ بکات، وەک درۆن، رۆبۆتی زەمینەیی و دەریایی، هاوکات بەرکاهێنانی سیستەمی زیرەکی دەستکرد بۆ دیاریکردنی ئامانج، کۆکردنەوەی داتا و یارمەتیدان لە ڕێنوێنی و ڕیکخستنی ئەرکەکان.
چەندین مانگە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پەرەی بەم جۆرە تەکنەلۆژیایە داوە. لە مانگی 4ـی ئەمساڵ فەرماندەی باشووری ئەمریکا 'سیستەمی جەنگی خۆبەڕێوەبەر'ـی خۆی دامەزراند، بەڵام AutoWarCom رۆڵێکی زۆر فراوانتری دەبێت و وابڕیارە لە مانگی 10ـی 2027 سیستەمەکە دەست بە ئۆپەراسیۆنەکانی بکات.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە، ئەمریکا داوای لە کۆنگریس کردووە 350 ملیار دۆلار وەک پاکێجی بەرگری قبووڵ بکات. ئیدارەی حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامانجییەتی بودجەی بەرگری وڵاتەکە تا ساڵی 2027 بۆ 1.5 ترلیۆن دۆلار بەرزبکاتەوە، لەو 350 ملیار دۆلارەی کە داواکراوە، 100 ملیار دۆلاری بۆ تەکنەلۆژیا نوێیەکان، سیستەمی خۆبەڕێوەبەر و درۆن تەرخان دەکرێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە جەنگی ئۆکراینا، ڕۆژهەڵاتی و ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە، درکی بەوە کردووە کە بەرهەمهێنانی درۆنی هەرزان و سیستەمەکانی دیکەی 'جەنگی خۆبەڕێوەبەر' بەشێوەیەکی خێرا هاوکێشەی جەنگ دەگۆڕن. سەرەتای ئەم هەفتەیە میهایلۆ فێدۆرڤ، وەزیری پێشووی بەرگری ئۆکراینا و بازرگانی تەکنەلۆژیا پڕۆژەی 'سوپای ڕۆبۆت'ـی ڕاگەیاند، ئامانج لێی بەرۆبۆتکردنی جەنگ و گواستنەوەی ئەرکە مەترسیدارەکانی جەنگە لە سەربازەوە بۆ رۆبۆت.