سوپای پاسداران کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی عێراق هەژمار دەکات.

ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکات و جەخت دەکاتەوە، ئەمە دەرئەنجامی خۆڕاگریی گەلی عێراق و گەلانی ناوچەکەیە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە لە سەرجەم ناوچەکە بە تەواوەتی بکشێتەوە و کۆتایی بە دەستوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی بهێنێت.

لە بەیاننامەکەی سوپای پاسداران هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا بە ویستی خۆیان یان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی نەرمەوە نەکشاونەتەوە، بەڵکو فشاری بەردەوام و نەبوونی زەمینەی مانەوە و بەردەوامیی ئامادەییی سەربازی، وای لە واشنتۆن کردووە بڕیاری بەجێهێشتنی خاکی عێراق بدات.

لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، هیوادەخوازن حکومەتی سەربەخۆی عێراق لە ڕۆژی سەروەریدا، بڕیارێکی دەستبەجێ بدات بە مەبەستی پاراستنی ئەم پەیوەندییە مێژووییانە لە هەوڵەکانی ئاژاوەگێڕی و لێکەوتەکانی سزاکانی نادادپەروەرانەی ئەمریکا.