دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تۆم باراک جەخت دەکاتەوە، کە کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی دوای 23 ساڵ بە مانای پاشەکشە لە عێراق نایەت.

تۆم باراک، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سووریا لە پەیامێکیدا لەبارەی کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، پاش 23 ساڵ لە هاتنی یەکەم سەربازی ئه‌مریکی بۆ عێراق، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پڕۆسەی گەڕاندنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی بۆ نیشتمان تەواو کرد.

لە پەیامەکەی تۆم باراک هاتووە، ئەم پڕۆسەیە نە بە بەجێهێشتن و پاشەکشە، بەڵکو لە ڕێگەی هاوتەریبکردن و ڕێکخستنەوەی سەرجەم لایەنەکانی هاوکێشەکە لە نێوان بەغدا، هەولێر، هاوپەیمانە هەرێمییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئه‌مریکا لە هەستیارترین ساتدا هاتە دی.

نوێنەری سەرۆکی ئه‌مریکا ئاماژەی بەوە کرد، قوربانیدان و خزمەتی ئەمریکی و عێراقییەکان لە درێژاییی ئەو ساڵانەدا ڕێگەی بۆ ئەم سەرکەوتنە خۆش کرد، ڕێزگرتن لە خزمەتەکانیان لە ڕێگەی بونیادنانی عێراقێکەوە دەبێت کە ئێستا لەسەر پێی خۆی وەستاوە.

لە بەشێکی قسەکانیدا تۆم باراک جەختی کردەوە، بەم ڕێکخستنەوەیە دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ عەلی زەیدی و گەلی عێراق تاوەکو سەرجەم هێزە چەکدارەکانی عێراق بخەنە ژێر ڕکێفی یەک دەوڵەت و یەک فەرماندەیی، بە جۆرێک ئه‌مریکا وەک هاوڕێیەک بمێنێتەوە نەک وەک سه‌ربازگه‌یه‌كی چەکدار.

ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 9ـی 2026 لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی فەرمیی نێوان حکومەتی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە یەکجاری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشت.