دوای کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لەمەودا ئاسمانی وڵاتەکەی بە کڕینی سیستەمی بەرگری بپارێزێت.

کەمێک لەمەوبەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 'ڕۆژی سەروەری' پەیامێکی بۆ خەڵکی عێراق بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کشانەوەی تەواوەتی و کۆتاییی هێزەکانی (لە ڕێگەی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی) و بەدەستهێنانی سەروەریی تەواوەتیی وڵات دەکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2026 دەستپێکێکی جددی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و پابەندبوون بە شایستە دەستوورییەکان بەپێی خشتەیەکی کاتی کە لە 30ـی 6ـی 2027 تێپەڕ نەکات.

لە بەشێکی پەیامەکەی عەلی زەیدی هاتووە، حکومەت کار بۆ داماڵینی چەکی تەواوی گرووپە چەکدارە ناعێراقییەکانی سەر خاکی عێراق دەکات، ڕێگە نادات خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، حکومەت دەست دەکات بە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات، لەگەڵ پەسەندکردنی یاسایی حەشدی شەعبی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دەزگا ئەمنییەکان لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا.

عەلی زەیدی دووپاتی کردەوە، عێراق قۆناغی شەڕ و تێکچوونی سەروەری تێپەڕێنێت و ئاراستەی سەرچاوەکانی دەوڵەت بەرەو ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدانی بەردەوام، باشکردنی ژیانی هاووڵاتییان و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەبات.