بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم هاتنی نزمەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاستی بۆ سەر ناوچەکەکان ئاشکرا دەکات.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئاسمان بە تەواوەتی هەور دەبێت و بارانبارین بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و مامناوەند دەست پێدەکات، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێدەکات، پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، لە کاتەکانی ئێوارەدا بە شێوەی نمەباران سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان هاتووە، خێراییی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و لە نێوان 10 بۆ 20 کیلومەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارە ئەگەری چالاکبوونی هەیە بۆ سەرووی 30 کیلومەتر لە کاتژمێرێکدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان بە 1 بۆ 2 پلە بەرز دەبنەوە، جگە لە سنووری پارێزگای دهۆک کە بەراورد بە تۆمارەکانی پێشوو کەمێک نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.