سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕێنماییەکی ئیتیكی نوێ ئاڕاستەی کەناڵ و دەزگا میدیاییەکان دەکات بە مەبەستی پاراستنی کەسایەتیی هونەرمەندە بەساڵاچوو و نەخۆشەکان.
ئەمڕۆ سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە دەزگا میدیاییەکان دەکەن، چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەندانی بەساڵاچوو ڕابگرن، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیان کە کاریگەری لە جەستە و شێوازی قسەکردنیان هەیە، بۆیە پێویستە ئەو دۆخەیان وەک ڕێز و پێزانینێک بۆ تەمەنی پڕ بەخششی هونەریان لەبەرچاوبگیرێت.
هەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان هاتووە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی کە تەندروستیان باش نییە، کاریگەری نەرێنی دروست کردووە و هەندێکیان بووەتە هۆی شکاندنی شکۆی هونەرمەندەکە، ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە.
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەرچی هەندێک لە دەزگا میدیاییەکان مەبەستیانە سەرنجی دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕابکێشن بۆ لای دۆخی هونەرمەندان و هاوکاریان بن بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری بۆیان، بەڵام دواجار بڵاوبوونەوەی ئەو چاوپێکەوتنانە لە سۆشیال میدیا ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە بۆسەر کەسایەتی هونەرمەندەکە.
لە کۆتاییدا، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە چاوپێکەوتنی ئەو هونەرمەندانەی کە بەهۆی باری تەندروستییانەوە لەبەردەم کامێرا ناتوانن قسە و کرداریان وەک پێویست بێت.