بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێمی خەرج کرد و بەپێی زانیارییەکان، تەواوی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر ئامادەیە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کرد، بەیانی ئەمڕۆ تەواوی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، وەزارەتی دارایی هەرێم تەواوی ئامادەکارییەکانی خۆی کردووە و لە سبەی سێ شەممەوە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو لیستی دابەشکردنی مووچە بڵاو بکاتەوە.

پایتەخت میدیا زانیویەتی، لە بەیانی زووەوە هۆشداری بۆ بانکەکانی بەشدار لە 'هەژماری من' چووە کە ئامێرەکانی پارە ڕاکێشان پڕ بکەنەوە و چاوەڕوان دەکرێت، لەسەر خشتەی مانگەکانی پێشوو و لە ماوەی سێ رۆژدا، تەواوی مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن.

گەیشتنی پارەی مووچە لە کاتێکدا، عێراق بە دۆخێکی خراپی دارایی تێپەر دەبێت و دوای 17 رۆژ لە تێپەربوونی مانگی تەمووز، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ توانی پارەی نەختینەیی مووچە کۆ بکاتەوە. ئەمە بۆ یەکەم جارە لە ساڵی نوێدا عێراق نەتوانێت لە کاتی خۆیدا پارەی نەختینەیی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی خۆی و هەرێم کۆ بکاتەوە.