لە نوێترین پێشهاتی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، زانیارییەکی نهێنی و سەرنج ڕاکێش ئاشکرا بوو کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەو دوو وڵاتە گێڕاوە و توانیویەتی بەردەوامی بە دانوستاندنەکانی هەردوو لا بدات.
ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا دانوستانکارانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و کۆتاییهێنان بە شەڕ هیچ ئەنجامێکی نەبوو، بۆ ئەم مەبەستە، بەرپرسانی ئیدارەی تڕەمپ پەنایان بردە بەر کەناڵێکی ناڕاستەوخۆ و داوایان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە وەک نێوەندگیرێکی متمانەپێکراو لە لایەن واشنتۆن و تارانەوە رۆڵ بگێرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، تولی گابارد، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا لە 10ی ئایاردا بەرەزامەندی جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران دروست بکات و ئەمریکا لە بەردەوامی دانوستانەکان دڵنیا بکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، لە 14ی ئایاردا لە ڕێگەی هێڵێکی تەلەفۆنی پارێزراوەوە لەگەڵ جەنەڕاڵ وەحیدی قسەی کردووە و دڵنیایی بە لایەنی ئەمریکی داوە کە سوپای پاسداران پاڵپشتی لە دانوستانەکان دەکات.
سەرۆکی هەریمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی پێشووتر لە ئێران ژیاوە، شارەزایی لە زمانی فارسی هەیە و بە باشی گفتوگۆ دەکات، ئەمە جیالەوەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی تاران هەیە.
دوای ئەم پەیوەندییە، ئیدارەی تڕەمپ پێشنیارێکی تریان خستووەتە ڕوو، داوایان لە نێچیرڤان بارزانی کردووە لە هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی لە هەولێر، میوانداری دانوستانێکی نهێنی لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران بکات، بەڵام ئێرانییەکان بەهۆی نیگەرانی ئەمنی و ترسیان لە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل, ئەم پێشنیارەیان ڕەت کردووەتەوە و کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان لەم دواییانەدا پەیامی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نیشان داوە.
ململانێی مێژوویی نێوان ئەمریکا و ئێران چەندین دەیەیە بەردەوامە و هەمیشە وڵاتانی نێوەندگیر هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان داوە، هەرێمی کوردستانیش بەهۆی پێگەی سیاسیی و گرینگی شوێنی جوگرافی، چەندین جار وەک ناوەندێکی نێوەندگیری نێوان هێزە هەرێمییەکان بەکار هاتووە و وڵاتانی جیهان، بۆ پرۆسەی ئاشتی پشتی پێ دەبەستن.