لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس دەکرد، فەلەکناسێکی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بڕوا بە دەنگۆ بێ بنەماکانی پەیوەست نەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە گوایا ئاژانسی ناسا لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی نهێنییەوە بە ناوی "پڕۆژەی ئەنکۆر" پێشبینیی لەدەستدانی کاتیی هێزی ڕاکێشانی زەویی کردووە.
بەپێی پڕوپاگەندەکە، ئاماژە بەوە کرابوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئابی 2026، کاتژمێر 5:33ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، زەوی بۆ ماوەی 7 چرکە هێزی کێشکردنی نامێنێت و بەهۆی بەرزبوونەوە و کەوتنەخوارەوەی شتومەک و مرۆڤەکان، نزیکەی 60 ملیۆن کەس لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) بە تەواوی ئەو دەنگۆیەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، تەنیا دیاردەی خۆرگیرانی تەواوەتی لە ناوچەکانی جەمسەری باکوور، گرینلاند و ئیسپانیا دەبینرێت.
ناسا جەختی کردەوە، خۆرگیران هیچ کاریگەرییەکی نائاسایی لەسەر هێزی کێشکردنی زەوی دروست ناکات و تەنیا کاریگەریی ئاسایی لەسەر دیاردەی هەڵکشان و داکشانی دەریاکان دەبێت.
ڕێبەر ڕۆستەم، فەلەکناسی کورد لە پەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دیاردەی خۆرگیرانی تەواوەتی ڕوودەدات، بەڵام لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابیندرێت.
لە کۆتایی دا ڕێبەر ڕۆستەم ڕوونیکردەوە، ئەم دیاردەیە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و دەنگۆی وێران بوونی جیهان و مردنی ملیۆنان کەس هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە و دەستکەوتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.