بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی خێزانی سلێمانی هۆشداری لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستدرێژی سێکسی دەدات، جەختیش دەکاتەوە نابێت ببێتە بابەتی میدیایی.
رائد ڕاز فریا، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی خێزانی سلێمانی ڕایگەیاند، بڵاوکردنەوەی وردەکاریی ڕووداوەکانی دەستدرێژیی سێکسی ناو خێزان دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازە و متمانەی خێزانی، ئەمەش ترس و بێ بەهایی پەیوەندییە خێزانییەکان زیاتر دەکات.
رائد ڕاز فریا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە خستنەڕووی ئەم بابەتانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شەپۆلێک لە کۆمێنتی نەرێنی و لۆمەکردنی لێدەکەوێتەوە، کە بارودۆخی دەروونیی قوربانییانی تر تێکدەدات و وایان لێدەکات لە ترسی سزادانی کۆمەڵگە لەسەر بێدەنگیی خۆیان بەردەوام بن.
لەسەر لایەنێکی دیکەی مەترسیدار، ئەم بەرپرسە ئاشکرای کردووە، ئەوەیش شیکردنەوەی وردەکاریی تاوانەکەیە، چونکە لەوانەیە ناڕاستەوخۆ بێتە ڕێنمایی و هاندەر بۆ کەسانی خاوەن ئارەزووی بەدکاری تا ڕەفتاری هاوشێوە دووبارە بکەنەوە.
پێشتریش رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە یاساییەکان هۆشیارییان دابوو لەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانە خێزانییەکاندا پێویستە تەنها بۆ دامەزراوە یاسایی و دەروونییە تایبەتمەندەکان بەجێبێڵدرێت. ئەم ڕێکارانە بە ئامانجی پاراستنی کەرامەتی قوربانییان و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی دیاردە نەرێنییەکان لە کۆمەڵگەدا جێبەجێ دەکرێن.
ماوەیەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شەپۆلێک لە ڕووداوەکانی دەستدرێژی سێکسی لە نێو خێزان بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، ڕاو و بۆچوونی هاووڵاتییان بووە بە دوو بەش، هەندێک ئەم هەواڵانە بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە دەزانن، هەندێکی دیکەش بە "تێکدانی شیرازی" خێزان و کۆمەڵگەی دەزانن.