مشتومڕی گواستنەوەی یاریزانان لە نێوان یانەی هەولێر و یانەی زاخۆدا پەرەدەسێنێت. یانەی وەرزشیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا داوا لە بەرپرسانی پارێزگای هەولێر، دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکات دەستوەردان بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزان ئاکام هاشم لەگەڵ یانەی زاخۆ، بە مەبەستی پاراستنی گیانی وەرزشی و برایەتی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا.

 

یانەی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاکام هاشم لە ئەکادیمیای یانەکەیان پێگەیشتووە و گەیشتووەتە هەڵبژاردەی عێراق. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو دەڵێت: "لە کاتێکدا هەولێر وەک نوێنەری گەلی کوردستان ئامادەکاری بۆ چوار پاڵەوانێتیی گرنگ دەکات—بە تایبەت جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، خولی ئەستێرەکانی عێراق، جامی عێراق و جامی سوپەر—بەداخەوە کارگێڕیی یانەی زاخۆ لە ڕێگەی زێدەڕۆییکردن لە بابەتی ماددییەوە، هەردوو یاریزان (ئاکام هاشم) و (شێرزۆد تێمیرۆڤ)یان بۆ یانەکەیان گواستەوە."

 

یانەی هەولێر نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەم ڕەفتارەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ دەربڕیوە و جەختی کردۆتەوە کە ئەوان هەرگیز ڕەفتارێکی لەو شێوەیەیان بەرامبەر هیچ یانەیەکی کوردستانی نەکردووە، بەو پێیەی پێیان وابوو گیانی برایەتی و هاوکاری سەرووی هەموو ململانێیەکی وەرزشییە.