وەزارەتی داد گشتاندنێکی فەرمی دەربارەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانووبەرە دەرکرد و بڕیاری دا، لەمەودوا تەواوی مامەڵەکان لە فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە تەنها بە کارتی نیشتمانی ڕایی بكرێن.
بەپێی گشتاندنێکی وەزارەتی داد بە واژۆی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد دەرچووە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، لەگەڵ نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە داوا کراوە بڕیاری تایبەت بە مامەڵەکان بە کارتی نیشتمانی بخرێتە ڕوو تا لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بگەێندرێتە تەواوی دامودەزگاكان.
وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە داوە، ئەم هەنگاوە لە پێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی ماف، موڵک و سامانی زەوی و خانووبەرەکانیانە، بۆیە هیچ مامەڵەیەک بەبێ پێشان دانی کارتی نیشتمانی ئەنجام نادرێت.
هاوکات وەزارەتی داد داوای لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، دامەزراوەکان و ڕاگەیاندن کردووە، هاوکار بن لە گەیاندنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە بە پارێزەران و هاووڵاتیان، تا لە کاتی سەردانیکردنی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە کارتی نیشتمانییان پێ بێت و مامەڵەکانیان بەپێی ڕێکارە یاساییەکان بێ ئاستەنگ بەڕێوە بچێت.