دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان داوا لە پارێزگاری کەرکووک دەکات، لەبری لێدوانی نادەستووری لەسەر ماددەی 140، تەرکیز بخاتە سەر دابینکردنی خزمەتگوزاری و زاڵکردنی گیانی پێکەوەژیان لە شارەکەدا.
ئەمڕۆ دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی وتەکانی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووکی دایەوە، کە ماددەی 140ی دەستووری عێراقی بە "گەورەترین هەڵەی ستراتیژی" ناوبردبوو، دەستەکە ئاماژەی بەوە داوە، ماددەی 140 دیارترین نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دێرینی نیشتمانی لەبارەی ناسنامەی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی عێراق.
دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ڕوونیکردەوە، دەستووری عێراق بنچینەی حوکمڕانی نوێیە و ئەنجامی تێکۆشانی گەلانە دژی دیکتاتۆری، بەکارھێنانی دەستەواژەی نادەستووریش لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە ڕەت دەکەنەوە.
دەستەکە داوا لە پارێزگاری کەرکووک دەکات، لەم قۆناغە هەستیارەدا گیانی پێکەوەژیان زاڵ بکات و سەرنج بخاتە سەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ شارەکە، چونکە لێدوانی نادەستووریی ڕووبەری بێمتمانەیی فراوانتر دەکات.