مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی توندی سەبارەت بە لێدوانەکانی دوایی محەمەد سەمعان کەنعان، پارێزگاری کەرکووک بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە بێبەهاکردنی ماددەی ١٤٠ لەلایەن پارێزگارەوە بە مانای بێبەهاکردنی دەستوور و بەتاڵکردنەوەی عێراقە لە مانای دەوڵەتبوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەمیشە کەرکووکی بە نموونەی پێکەوەژیان و برایەتی بینووە و پێی وایە لەپێناو پاراستنی ئەم ئاشتییەدا دەبێت هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان خاوەنی ماف و ئەرکی خۆیان بن. هەروەها جەختکراوەتەوە کە دەستوور و ماددەی ١٤٠ نەخشەڕێگەیەکی دروست و سەردەمیانەیە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی گرفتەکان.
پارتی لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووکی بە "نابەرپرسیارانە" و "هەوڵێک بۆ فیتنەگێڕی و شکاندنی تەبایی" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو جۆرە قسانە لە ڕاستیدا هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندیی دانیشتووانی کەرکووک ناکەن، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی باسی لە شەرعییەتی پۆستی پارێزگار کردووە و ڕایگەیاندووە: "بوونی محەمەد سەمعان کەنعان بە پارێزگاری کەرکووک ئەنجامی سەفقەیەکی گوماناویی فۆندۆقی ڕەشید بووە، ئەگەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتی با، دۆخەکە بە شێوەیەکی تر دەبوو."
لە کۆتاییدا پارتی داوای لە پارێزگار و تەواوی بەرپرسانی شاری کەرکووک کردووە کە ژیرانە ڕەفتار بکەن، ڕێز لە دەستوور و مافی دانیشتووانی شارەکە بگرن و کار بۆ تەبایی و ئارامی بپڕژێنن، نەک بۆ ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ڕەوشەکە.