نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری بەغدا. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
ئهمڕۆ دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقی فیدراڵ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بەشدار دەبن. تەوەری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتیی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان باس دەکرێن. هەروەها جەخت لەسەر خزمەتکردنی هاووڵاتییان لەم قۆناغە هەستیارەدا دەکرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە پەراوێزی ئەم سەردانەدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام دەدات. لەم دیدارانەدا پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بە وردی تاوتوێ دەکرێن.