پڕۆژەیاسایەکی 12 مادەیی بۆ چەکداماڵینی پەکەکە و گەڕانەوەی ئەندامەکانی بۆ ناو ژیانی ئاسایی لە تورکیا بڵاو کرایەوە، كه تێیدا مەرجەکانی لێبوردنی یاسایی و چەکداماڵینی گشتی ڕوون کراوەتەوە.
ئهمڕۆ میدیاكانی توركیا دهقی پڕۆژهیاسایهكی 12 مادهییان بڵاو كردهوه، كه سهرۆكی پهرلهمانی توركیا دوای كۆبوونهوهی لهگهڵ فراكسیۆنه جیاوازهكان پڕۆژهكهی پهسهند كردووه. پڕۆژهیاساكه بە ناوی 'یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی' ناسراوە. ئامانجی سەرەکیی یاساکە ڕادەستکردنی هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەکی پهكهكهیه.
بەپێی دەقەکە، دامەزراوە ئەمنییەکان پڕۆسەی چەکداماڵین دەستنیشان دەکەن و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا پشتڕاستی دەکاتەوە. یاساکە تاوانەکانی سەرکردایەتیکردن، ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە و کەجەکە دەگرێتەوە.
ئەو کەسانەی پێش ڕێکەوتی 1-6-2005 تاوانی کوشتنی بەئەنقەستیان ئەنجام داوە، لەم یاسایە سوودمەند نابن. هەروەها ئەو سزایانەی کە زیندانیی قورسکراوی هەتاهەتایین، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم ئاسانکارییە یاسایییە دەمێننەوە.
یاساکە مەرجی دواخستنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی داناوە. بۆ ئەو تاوانانەی سزاکەیان 15 ساڵ یان کەمترە، لێکۆڵینەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ دوا دەخرێت. بۆ ئەو تاوانانەی سزاکەیان لە 15 ساڵ زیاترە یان سزای هەتاهەتایین، ماوەی دواخستنەکە دەبێتە 10 ساڵ. ئەگەر لە ماوەی دواخستنەکەدا هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدرێت، سزا سەپێنراوەکە بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت.
لەم ماوەیەدا، یاسای بەسەرچوونی کات کارا نابێت و هەژمار ناکرێت. ئەنجوومەنێکی باڵا بە شێوەیەکی خولی هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی دواخستن و گەڕانەوەی مافەکان دەکات. ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار دەبێت. وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) ئەندامی ئەم ئەنجوومەنە دەبن.
ههر بهپێی دهقی یاساكه، سکرتاریەتی گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار ئەرکی هاوئاهەنگیی نێوان دامەزراوەکان دەگرێتە ئەستۆ. هاوکات لە پەرلەمانی تورکیا لێژنەیەکی چاودێریی 17 ئەندامی پێک دەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە. وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ بە هاوبەشی ڕێنمایییەکانی تایبەت بە پڕۆسەی تۆمارکردن و چەکداماڵین ئامادە دەکەن. داواکاریی سوودمەندبوون لەم یاسایە دەبێت لە ماوەی 6 مانگدا پێشکەش بکرێت.
ئەم پڕۆژەیاسایە دوای ئەوە دێت کە دەوڵەت باخچەلی داوای جێبەجێکردنی 'مافی هیوا'ی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەڵان کرد. تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ ئازادکردنی ئۆجەڵان لە ناو دەقی پڕۆژەیاساکەدا ڕانەگەیەندراوە.