دوای کەمبوونەوەی گرژیەکان لە باشووری لوبنان، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەستی پێکردووە و زیاتر لە 800 هەزار لوبنانی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕێکخستنی کاروباری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا) بڵاوی کردەوە، 821,077 ئاوارەی لوبنانی دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کردووە، لە کاتێکدا هێشتا زیاتر لە 360 هەزار کەس لە ئاوارەییدا دەژین و نزیکەی 26 هەزاریان لە ناوەندەکانی حەوانەوەی حکومەت نیشتەجێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، شەڕ و بۆردومانەکان زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی ئاو و کارەبا گەیاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی بێبەشبوونی زیاتر لە 700 هەزار کەس لە ئاوی پاک لە باشووری لوبنان، کە ناوچەی سەرەکیی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا بوو.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا دوای هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان بۆ سەر باشووری لوبنان چڕتر بووەوە، بەڵام لە دوای ڕێککەوتنی چوارچێوەی واشنتن و تاران لە مانگی حوزەیراندا بۆ ڕاگرتنی شەڕ، ئاستی توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و دانوستانەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن.