بەهۆی دروستبوونی کورتهێنان و دواکەوتنی مووچە بۆ ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژ، فەرمانبەرانی دامەزراوە حکومییەکانی عێراق لەسەر شەقامەکان ناڕەزایی دەردەبڕن.

 

ئەمڕۆ میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، سەدان فەرمانبەری دامەزراوە حکومییەکانی عێراق بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، لە ناوچە جیاوازەکانی وەکو بەغدا، بەسرە، واسیت و چەندین شوێنی دیکە دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و بە دروشمی "مانگرتن، بەردەوام دەبین لە مانگرتن" ڕژانە سەر شەقامەکان.

 

دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داخرانی گەرووی هورمز، کە بەهۆیەوە داهاتی عێراق بە بڕی 3 تریلیۆن دینار دابەزیوە و وڵاتەکە تووشی کورتهێنان بووە، لەکاتێکدا حکومەت تەنیا بۆ خەرجکردنی مووچەی خۆی، مانگانە پێویستی بە 8 تریلیۆن دینارە.

 

حکومەت ئەم چەند مانگە لە ڕێگەی قەرزی ناوخۆیی لە بانکی ناوەندییەوە توانیویەتی ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە، ئەم دۆخەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە دوابکەوێت، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق داوای لە پەرلەمان کردووە لە نزیکترین کاتدا میوانداریی بکەن، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی ئێستا بدات.

 

لە ئەنجامی ئەم کورتهێنانەش، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە. بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت، هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمدا نییە و وەزارەتی دارایی هەرێم دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز، لەگەڵ خەرجکردن و گەیشتنی پارەکەش، ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات.