لە دوای زیاتر لە 30 ڕۆژ گەڕان، تەرمی هاوسەری وەزیرێکی ئیتاڵیا لە قووڵایییەکی زۆری دەریاچەی فیکۆ لە باکووری ڕۆما دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ تیمەکانی فریاگوزاریی ئیتاڵیا ڕایانگەیاند، لە دوای 38 ڕۆژ لە گەڕان لە دەریاچەی فیکۆ لە باکووری ڕۆما، لە قووڵایی 18 مەتردا تەرمی لویجی کافالاریی 84 ساڵان، هاوسەری ئۆجینیا ڕۆچێلا، وەزیری خێزان، لەدایکبوون و هەلی یەکسانیان لە حکومەتی ئیتاڵیادا دۆزییەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەردوو هاوسەرەکە لە ڕێکەوتی 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە مەبەستی کات بەسەربردن لەناو کەشتییەکی بچووک لە دەریاچەکەدا بوون، هاوسەری وەزیرە ئیتاڵییەکە لەپڕ خۆی هەڵدەداتە ناو دەریاچەکە و دواتر کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و نوقم دەبێت.
تیمەکانی فریاگوزاری ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی بەرفراوانیان دەست پێکرد کە غەواس، پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە تێیدا بەشدار بوون، بە بەکارهێنانی ئامێری سۆنار، کامێرا و کەشتیی ژێرئاویی بێ کەشتیوان، بەڵام بەهۆی خراپیی بینین لە ژێر ئاوەکەدا، نەیانتوانی دەستبەجێ تەرمەکە بدۆزنەوە.
ئۆجینیا ڕۆچێلا سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵییە، لە 25ی تشرینی یەکەمی 1953 لە شاری بۆلۆنیا لەدایکبووە، پێشتر ئەندامی پەرلەمان و جێگری وەزیر بووە و لە ساڵی 2022ەوە لەلایەن جۆرجیا میلۆنییەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە وەزیری خێزان، لەدایکبوون و یەکسانیی دەرفەتەکان دیاریکراوە.