لە دوای گیانلەدەستدانی پیاوێکی بە تەمەن لە نەخۆشخانەی شار کە ناسنامەی پێنەبووە، پۆلیسی سلێمانی داوا لە بنەماڵەکەی دەکات سەردانی پزیشکی دادوەری بکەن.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە، هاووڵاتییەک کە بە مەبەستی چارەسەرکردن سەردانی نەخۆشخانەی شاری کردبوو، لە ڕێککەوتی 4ـی 8ـی 2026 لەوێ گیانی لەدەست داوە، بەهۆی ئەوەی هیچ ناسنامەیەکی پێنەبووە، ناو و ناونیشانی نەزاندراوە و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی سلێمانییە.
پۆلیسی سلێمانی داوا لە کەسوکاری یان هەر کەسێک دەکات، زانیاری لەبارەی ئەو هاووڵاتییەوە هەیە، سەردانی پزیشکی دادوەریی سلێمانی یان بنکەی پۆلیسی کوردسات بکات، یان پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07719676990) بکات.
دەربارەی کەسایەتی هاووڵاتییەکە، پۆلیسی سلێمانی ڕوونیکردەوە، ڕەگەزی نێرە، تەمەنی لە نێوان 55 بۆ 65 ساڵدایە، ڕەنگی پێستی گەنمییە، ڕەنگی چاوی قاوەیییە، باڵای مامناوەندە و لە کاتی ڕووداوەکەدا بلوزێکی ڕەساسی و تراکسوودێکی قاوەیی لەبەردا بووە.