هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی سنووری قەرەداغ ئاشكرا کرا و هاوڵاتییەک بەهۆیەوە دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی ئاگرەک لە سنووری گوندی ''سەرچاو و شاخی زەردەی سنووری بنکەی سێوسێنانی سەر بە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ'' کەوتەوە، توانرا تەواوی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسی دارستانی سلێمانیدا هاتووە، بەهۆی ئاگرەکەوە 35 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی سوتاوە.
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە، پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای لێکۆڵینەوە، توانرا تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت بە تۆمەتی هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە و ڕێکاری یاسایی لە دژی گیراوەتەبەر.