ئیسرائیل ڕێکاری نوێ و نەبیستراو لە دژی زیندانییانی فەڵەستینی دەگرێتە بەر، بەڵام دادگای وڵاتەکە دژی ڕێکارەکە وەستاوەتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، دادگای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاتی پلانی ئیتمار بن گیڤیر، وەزیری ئاسایشیی نیشتیمانی ئیسرائیلی بۆ دانانی تیمساح لە دەورووبەری زیندانی 'کێتسیەت' لە بیابانی 'نێگیڤ'ـی باشووری ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە، ئەو شوێنەی کە فەڵەستینییەکان تێیدا زیندانی کراون.
دەسەڵاتدارای ئیسرائیل دەستیان بە هەڵکەندنی خەندەق لە دەوری بەشێکی زیندانییەکە کردووە، کە زیندانییانی حەماس و فەڵەستینی غەززەی لێیە، بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 سزا دراون. بەگوێرەی پلانەکەی وەزیری ئاسایشیی نیشتیمانی ئیسرائیل، تیمساحەکان دەخرێنە نێو ئەم خەندەقانە.
ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی گشتیی ئیسرائیل (کان) ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی ڕێکخراوێکی مافی ئاژەڵان بەناوی 'لێگەڕی ئاژەڵەکان بژین" داواکارییەکی دژی پلانەکە پێشکەشی دادگا کرد، کە لەلایەن وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی و دەستەی بەندیخانەکانی ئیسرائیلەوە پاڵپشتی لێکراوە، دادگای ناوچەی قودس فەرمانی ڕاگرتنی پلانەکەی بەشێوەیەکی کاتی دا، بەڵام قەندەق لێدان نایاسایی نییە و دەکرێت دواتر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوتەی وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل، ئەو ڕێکارە نوێیە بەمەبەستی ترساندن و کەمکردنەوەی هەوڵی هەڵاتنی زیندانییەکان گیراوەتە بەر، دوای بڕیاری دادگاش گوتی: "زیندانییەکان لە ئەگەری گەیشتنی تیمساحەکان لە ترسان دەلەرزین!"