سەرەڕای ڕەتکردنەوەی دەنگۆکانی دانوستاندن و ڕێککەوتن لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەواڵی ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی گەرووی هوورمز لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (CNBC) ڕایگەیاند کە لەوانەیە ئەمریکا ئەمڕۆ یان بەیانی لەسەر کردنەوەی گەرووی هوورمز ڕێک بکەون، کە ئەمەش دەبێتە هۆی جێگیربوونی نرخەکانی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، کاتێک لە وەزیرەکەیان پرسی کە ئایا ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران ڕێگە بە تاران دەدات باج لەو کەشتییانە وەربگرێت کە لە گەرووی هوورمزەوە تێدەپەڕن، ناوبراو لە وەڵامدا گوتی: "من پێم وایە ئازادیی گەشتکردن گەرەنتی دەکات".
ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ترەمپ لە ڕۆژی دووشەممەدا ئاماژەی بەوە کرد، دەتوانرێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ڕێڕەوی گەرووی هوورمز بکرێتەوە، ئەمەش دوای پاشەکشەی ناوبراو دێت کە پێشتر هەڕەشەی هێرشی سەربازیی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران کردبوو.
ئەمە لە کاتێکدا دێت کە دوێنێ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کۆماری ئێران لە ئێستادا هیچ دانوستاندنێک ناکات، هەموو ئەندامانی شاندی دانوستاندن لە ناوخۆی ئێراندان و بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە نەڕۆیشتوون.