وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وادەی ناونووسینی بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵی بۆ پێنج ڕۆژ درێژ کردەوە.
ئەمڕۆ ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پرۆسەی حەج لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە پرۆسەی ناونووسین بۆ حەج کۆتایی بێت، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندیی حەجخوازان و بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ناو بنووسن، پرۆسەکە درێژ کرایەوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پرۆسەی حەج ڕوونیکردەوە، ناونووسین لە سەکۆی (دەروازەی حەج) تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەوی 10ـی 8ـی 2026 بەردەوام دەبێت، جەختیشی کردەوە کە ئەمە دوا دەرفەتە و هیچ ئەگەرێک نییە بۆ دووبارە درێژکردنەوەی وادەکە.
لەبارەی ئاماری بەشداربووانەوە، ڕۆژگار جەعفەر ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا لە سەکۆی دەروازەی حەج نزیکەی 60 هەزار فۆڕم لەلایەن نزیکەی 80 هەزار هاووڵاتییەوە پڕ کراوەتەوە.