لە ئەنجامی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی گرووپێکی هاکەر بۆ سەر دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی بەریتانیا، ژمارەیەکی زۆری زانیاریی کەسیی کارمەندەکانیان دزە پێکراوە و لە تۆڕی ڕەشدا بۆ فرۆشتن دانراوە.
ئهمڕۆ ڕۆژنامەی 'زە تایمز'ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە گرووپێکی هاکەر توانیویانە زانیاریی پارێزراوی نزیکەی 114 هەزار کارمەندی دەزگا ئاسایشییەکانی بەریتانیا بدزن و لە تۆڕی تاریک (Dark Net) بڵاوی بکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، زانیارییە بڵاوکراوەکان ناو، زانیاریی پەیوەندی و شوێنی کارکردنی کارمەندەکان لەخۆ دەگرن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی ئاسایشی بۆ کارمەندانی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و دەزگای دادوەریی شاهانەی وڵاتەکە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەمە سێیەمین هێرشی سایبەرییە لە ماوەی یەک هەفتەدا بۆ سەر دەزگا ئەمنییەکان ئەنجام دەدرێت، بەرپرسانیش هۆشدارییان داوە کە ئەم ڕووداوە دەتوانێت مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی ئەفسەران و کارمەندانی ئاسایش دروست بکات.
شایانی باسە کە لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵیشدا، هاکەرەکان هێرشیان کردە سەر نزیکەی 80 هەزار کۆمپیوتەری حکومەتی بەریتانیا و وەزارەتی دەرەوە، زانیارییە دزراوەکانیش بە نرخێکی نزیکەی 60 هەزار دۆلار لە دارک نێتدا بۆ فرۆشتن خراونەتە ڕوو.