سیستمی کامێراکانی تیژڕۆی، ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت)، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی گەلیی عەلی بەگ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا سیستمەکە بە شێوەی تاقیکاری کار دەکات، تا لە داهاتوویەکی نزیکدا بە فەرمی سەرپێچییەکان تۆمار بکات.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران ڕایگەیاند، 8 کامێرای تیژڕۆی (پۆینت تو پۆینت) لەسەر درێژایی ڕێگەی گەلیی عەلی بەگ جێگیر کراون و لە کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، سیستمەکە بۆ ماوەی 7 ڕۆژ بە شێوەی تاقیکاری (تێست) کار دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پرۆسەی تاقیکردنەوەکە تا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، 11ی ئابی 2026، کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە سەرپێچییەکان بە شێوەی فەرمی تۆمار دەکرێن، کاتێک خێرایی ڕێگەپێدراو لەو ڕێگەیەدا 70 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.
ڕێگەی گەلیی عەلی بەگ یەکێکە لە ڕێگە سەرەکی و شاخاوییە پڕ هاتووچۆکانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی پێچەکانییەوە هەمیشە مەترسیی ڕووداوی لێ دەکرێت. پێشتریش حکومەت چەندین ڕێکاری بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان لەم ناوچەیەدا گرتووەتە بەر.