کەتائیبی حزبوڵڵا لە عێراق، بە فەرمی داواکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقی بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان ڕەت کردەوە. گرووپەکە نایهوێت دەستبەرداری چەکی بەرەی موقاوەمە بێت و ئەم هەڵوێستەش بەربەستێکی گەورە لە بەردەم هەوڵەکانی زەیدی بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دروست دەکات.
ئەبو حسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵا لە عێراق ڕایگەیاند، پلانیان هەیە جبەخانە سەربازییەکانیان فراوانتر بکەن و کۆگای نوێی چەک و تەقەمەنی دروست بکەن. ئاماده نین چهك دابنێین.
ئەم بڕیارە وەک تەحەدایەک بۆ حکومەتی نوێی بەغدا دەبینرێت، لە کاتێکدا کە موقتەدا سەدر وەک پشتیوانییەک بۆ هەنگاوەکەی زەیدی، پێشتر هێزەکانی سەرایا سەلامی هەڵوەشاندەوە و چوونە پاڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، بەڵام حزبوڵڵا سوورە لە سەر پاراستنی هەژموونی سەربازیی خۆی.
ئەمینداری کەتائیبی حزبوڵڵا هەریەک لە ئەمریکا و سعودیەی بە ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار کرد، کە بووە هۆی کوژرانی 20 چەکدار و برینداربوونی 32ی تر. ئەو جەختی لە سەر تێکەڵکردنی جیهادی سەربازی و ڕاگەیاندن کردەوە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد، ئەمەش مەترسییەکانی ناسەقامگیریی ئەمنی لە عێراقدا زیاتر دەکات و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی یاسا پەک دەخات.
شایانی باسه، بهپێی چاودێرانی سیاسی ڕەتکردنەوەی داواکەی سەرۆکوەزیران نیشانەی بێهێزیی حکومەتە لە بەرامبەر میلیشیاکان و بێهیوایکردنی زەیدییە لە کۆنترۆڵکردنی فەزای ئەمنیی وڵات.