بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە گرکانە چالاکەکانی وڵاتی گواتیمالا، حکومەتی وڵاتەکە ئاستی هۆشداریی پرتەقاڵی ڕاگەیاند و چەندین خێزانی لە شوێنەکانی خۆیان گواستەوە.
ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی گواتیمالا ڕایانگەیاند، بە هۆی تەقینەوەی گرکانی فوێگۆ لە نزیک پایتەختی وڵاتەکە و بڵاوبوونەوەی هەوری ڕەشی خۆڵەمێشی گەورە و گازە زیانبەخشەکان، حکومەت هۆشداریی ئاستی پرتەقاڵی ڕاگەیاند کە دووەم مەترسیدارترین ئاستە لە دوای ئاستی سوور.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکانی وڵاتەکە، ئەو ماڵانەی لە نزیک شوێنی تەقینەوەی گرکانەکە نیشتەجێ بوون، بە هۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەپەلە شوێنەکانیان جێ هێشت و گواسترانەوە بۆ ناوچەیەکی پارێزراوتر.
گرکانی فوێگۆ یەکێکە لە چالاکترین گرکانەکانی ئەمریکای ناوەڕاست، کە ساڵانە جگە لە تەقینەوەی گەورە، چەندین تەقینەوەی بچووک و مامناوەندی تێدا ڕوو دەدات، تەنیا 35 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژاوای شاری گواتیمالای پایتەختی وڵاتەکە دوورە و بەرزییەکەی 3763 مەترە.
هەر ئەم گرکانە لە ساڵی 2018 کارەساتی نایەوە، کاتێک تەقینەوەیەکی گەورەی ئەنجام دا و شەپۆلی ماددە گرکانییەکان گوندەکانی دەوروبەری داپۆشی، بە هۆیەوە 215 کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی 2000 کەسی دیکە بێسەروشوێن بوون.
گرکانێکی بەهێز لە گواتیمالا دەتەقێتەوە
کورتە
بە هۆی تەقینەوەی گرکانێک لە گواتیمالا، حکومەت باری ئامادەباشی ڕاگەیاند.