ترەمپ دواهەمین دەرفەتی بە ئێران دا، کەچی سەرەتا تاران هەر جۆرە دیدارێکی بۆ ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ واشنتن ڕەت کردەوە، بەڵام دواتر بە پاڵپشتیی سعودیە، ئیمارات و قەتەر گڵۆپی سەوزی بۆ واشنتن هەڵکرد، کەچی تا ئێستا هیچ ترووسکەی هیوایەک بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی دانەگیرساوە.

 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ترەمپ لە ناو کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوتووە پێشبینی دەکات لە 1 یان 2 ڕۆژی داهاتوودا دانوستانەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و داماڵینی چەکی ئەتۆمی دە ست پێ بکەن.

 

شایانی باسه‌، دوای ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن ڕەت کردەوە و ئامادەیی نیشان نەدا.

 

بەقایی ئاماژەی بەوە کردووە، تاران تەنیا لەگەڵ وڵاتی عومان خەریکی وتووێژە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی کاتی کە ڕێگە بە گەشتیاریی بازرگانی بدات لە گەرووی هورمزدا دە ست پێبکاتەوە.

 

ترەمپ لە کاردانەوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، سەرکردایەتیی ئێرانی بە دووفاق و فێڵباز ناو برد و گوتی: "ئەوان بۆ کۆبوونەوە پاڕاونەتەوە بەڵام لە میدیاکاندا ڕەدی دەکەنەوە."

 

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووه‌، لەبەر داوا کاریی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، هێرشێکی زۆر گەورەی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە وێنەی نەبووە.

 

دوای ئه‌م لێكه‌وتانه‌ی به‌رپرسانی ئێران بە پاڵپشتی سعودیە، ئیمارات و قەتەر گڵۆپی سه‌وزییان بۆ واشنتن له‌پێناو دانوستان و لێكتێگه‌یشتن داگیرساند، به‌ڵام تائێستا هیچ به‌ره‌و پێشچوونێك بۆ دانوستان و لێكتێگه‌یشتنی نوێ له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا بوونی نییه‌.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، تا ئێستا ئەمە 12 هەمین جارە ترەمپ لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان هەردوو وڵات، هەڕەشەی هێرشە سەربازییە قورسەکانی بۆ سەر تاران پاشەکشە پێ دەکات و ڕێگەی دیپلۆماسی هەڵدەبژێرێت.

 

ئێستا ئێران جەخت لە سەر سەروەریی تەواوی خۆی بە سەر گەرووی هورمزدا دە کاتەوە و پێشنیاری کردووە کۆمپانیایەکی هاوبەش لەگەڵ عومان بۆ وەرگرتنی باج و کرێی کەشتییەکان دروست بکرێت.

 

بە پێی زانیارییەکان، 1 لە سەر 5ی نەوتی جیهان بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت و داخستنی ڕێڕەوەکە جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی وزە و سووتەمەنی کردووەتەوە.

 

لە ناوخۆی ئەمریکا، ڕاپرسییەکی نوێی ڕۆیتەرز نیشانی دەدات کە کەمتر لە 3یەکی هاووڵاتییان پشتگیری لە جەنگ دەکەن و 69 لە سەدی خەڵک لە ئامانجەکانی ترەمپ تێناگەن.

 

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە تەنیا 3 مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا ماوە و پارتی کۆماری مەترسیی لە دەستدانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لەسەرە.

 

لە ناوخۆی ئێرانیشدا، ئەنجوومەنی شارەزایان هۆشدارییان داوە لە هەر جۆرە متمانەیەک بە ئەمریکا، بەڵام مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هیوای بە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکان هەیە.

 

قەیرانی ئێستای نێوان واشنتن و تاران لە دوای شکستهێنانی ڕێککەوتنی 18 ی حوزەیران قووڵتر بووەوە کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی جەنگ بۆ ناوچەکانی دەریای سوور، عێراق و یەمەن.