ئەحمەد شەرع لە شاری دیمەشق پێشوازی لە نێچێرڤان بارزانی کرد و جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکاریی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە پەرەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە شێوەزاری کرمانجی نووسیویەتی: لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشیان کردووە، بە شێوازێک کە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.
ئەحمەد شەرع جەختیشی کردووەتەوە، بە بەرزییەوە دەڕوانینە ئەو لەخۆگرتنە و میواندارییەی کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەشی گەلی سووریای کردووە.
لە کۆتایدا سەرۆککۆماری سووریا هیوای بەردەوامیی کارکردنی هاوبەشی خواستووە بە گیانی هاوکاری و برادەرایەتی، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دراوسێیەتیی باش لە نێوان هەردوولادا.