نێچیرڤان بارزانی، پشتیوانیی خۆی بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووپات کردەوە کە تێیدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوی کردەوە. لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا سەردانی دیمەشقی کردووە و متمانەی تەواوی بە ڕوانگەی سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە هەیە بۆ بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دوای ساڵانێکی زۆر لە نەهامەتی، ئێستا سووریا لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی و هەرێمی کوردستانیش وەک دراوسێیەک، دەیەوێت هاوکارییە ئابوورییەکانی لەگەڵ دیمەشق و بەغدا فراوان بکات.
نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ئەرێنیی سووریا لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا کرد و هیوای خواست لە سایەی سەرکردایەتیی نوێدا، ئەو وڵاتە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو پێکهاتەکانی هەنگاو بنێت.
بڕیار وایە بەیانی سێشەممە 4ی ئابی 2026، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پایتەختی سووریا بەڕێوە بچێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان.