قەیرانی وزە لە کوبا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و بەهۆی داڕمانی یەکجارەکیی تۆڕی کارەباوە، تەواوی وڵاتەکە کەوتووەتە ناو تاریکیی ڕەهاوە.
ئەمڕۆ کۆمپانیای نیشتمانیی کارەبای کوبا، ناسراو بە یونیۆن ئێلێکتریكا ڕایگەیاند، بەهۆی پچڕانی تەواو لە تۆڕی نیشتمانیی کارەبادا، سەرانسەری وڵاتەکە و هاڤانای پایتەخت بە تەواوی بێ کارەبا بوون، کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەمارۆی توندی نەوتیی ئەمریکا ڕێگرە لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان کە زۆربەیان بە دیزل کار دەکەن.
هەروەها بەرپرسانی کۆمپانیاکە ڕوونیان کردەوە کە پچڕانی کارەبا لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە ڕووی داوە، ئەمەش دوای تێکچوونی چەندین بەشی سەرەکیی تۆڕەکە دێت کە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت.
کوبا ماوەی 5 ساڵە بەدەست خراپترین قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت کە بەهۆی گەمارۆکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2021دا توندتر بووەتەوە، لە کاتێکدا زۆربەی وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە لە سەردەمی سۆڤیەتەوە دروست کراون و بەردەوام تووشی پەککەوتن دەبن.