لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر یەکێک لە چاپخانەکانی ئۆکرانیادا، ملیۆنان کتێب ئاگریان تێبەر بوو و لەناو چوون.
ئەمڕۆ چاپخانەی (ڕانۆک)ی ئۆکرانی ڕایگەیاند کە هێرشێکی ڕووسیا لە کۆتایی هەفتەدا بۆ سەر کۆگایەک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بووەتە هۆی لەناوچوونی 8 ملیۆن کتێب و ئەم ڕووداوەی بە 'هێرشێک بۆ سەر کولتوور و فێرکاریی ئۆکرانیا' ناو برد.
بەپێی ڕاگەیاندنی چاپخانەکە، لە ساڵی 2022وە تا ئێستا، ئەمە بە گەورەترین زیان دادەنرێت کە بەر بواری ژێرخانی کتێبی ئۆکرانیا کەوتبێت بەهۆی جەنگەوە، زیاتر لە 8 ملیۆن کتێب لە ئاگرەکەدا لەناو چوون. ڤیکتۆر کروگلۆف، بەڕێوەبەری خانەی بڵاوکردنەوەکە، ئەم هێرشەی بە 'هێرشێک بۆ سەر پەروەردە و کولتووری ئۆکرانیا' وەسف کرد.
ئەمە دووەمین ڕووداوی لەم جۆرەیە لە ماوەیەکی کورتدا، چونکە مانگی ڕابردوو (تەممووز) هێرشێکی دیکە لە نزیک کیێڤ بووە هۆی سووتانی 800 هەزار کتێب، چاپخانەکە کتێبەکانی نووسەرانی ناسراوی وەک جۆرج ئۆروێڵ و باراک ئۆباماشی بڵاو دەکردەوە.
لە ماوەی جەنگەکەدا ڕووسیا بەردەوام تۆمەتبار کراوە بە ئامانجگرتنی مۆزەخانەکان، گەلەرییە هونەرییەکان، ستۆدیۆکانی فیلم، کڵێساکان و شوێنە کولتوورییە گرنگەکانی ئۆکرانیا، حوکمەتی وڵاتەکە ئەم هێرشانە بە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کولتوور و ناسنامەی ئۆکرانیا ناو دەبات.