ئێران دوو هاووڵاتیی خۆی بە تۆمەتی گەیاندنی زانیاریی هەستیاری سەربازی بە دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی لە سێدارە دا.

 

ئه‌مڕۆ ماڵپەڕی میزان ئۆنلاینی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاوی کردەوە، ئومێد بەهزاد و پووریا سەفوەت بەیانیی ئەمڕۆ لە سێدارە دراون. ئەو دوو کەسە تۆمەتبار کراون بەوەی شوێن و زانیاریی وردی بنکە سەربازی و ئەمنییە هەستیارەکانی ئێرانیان داوەتە دەستی مۆساد.

 

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاندووە ئەو دوو کەسە لە جەنگی 12 ڕۆژەی 2025 و جەنگی نوێی شوباتی ڕابردوودا سیخوڕییان بۆ ئیسرائیل کردووە.

 

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەڕبڕیوە، کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 1639 کەس. ئەم ژمارەیە بەرزترین ئاستی لەسێدارەدانە لە ئێران کە لە دوای ساڵی 1989وە تۆمار کرابێت.