سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی سووریا بە فەرمی لە پایتەختی وڵاتەکە کۆبوونەوە، و وا بڕیارە بەیانیش کۆبوونەوەیەکی دیکەی سێقۆڵی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدەدا بکەن.
ئهمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵا، بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی گەیشتە وڵاتی سووریا و لە دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکەدا، لە 'کۆشکی گەل' لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا؛ بڕیار وایە کۆببنەوە و لەسەر بارودۆخی ناوچەکە گفتوگۆ بکەن.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان له كاتی پێشوازییهكهدا به میدیاکانی ڕاگەیاند، جگە لە پرسە سیاسییەکان، کۆبوونەوەکە باس لە بابەتە ئابوورییەکانی جێی بایەخی هەردوولا دەکات، ناوبراو گوتیشی: "هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە پێوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر دەدات".
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ئەحمەد شەرعی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ڕوونیشی کردەوە کە ئەمە یەکەم دیداری هەردوو سەرۆکەکە نییە، بەڵکو پێشتریش دوو جاری دیکە دیداریان هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان بڕیار وایە بەیانی سێشەممە (4ی ئاب)، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریادا ساز بکرێت، و تێیدا لەسەر بارودۆخی کورد لە سووریا و چەندین بابەتی دیکەی گرنگ گفتوگۆ بکەن.