لە گوندێکی باکووری ڕۆژئاوای نەیجیریادا، کۆمەڵە گرووپێکی چەکدار زیاتر لە 50 هاووڵاتیی گوندەکەیان دەستبەسەر کرد و ڕفاندیان.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، کۆمەڵە گرووپێکی چەکدار لە ویلایەتی زامفارای باکووری ڕۆژئاوای نەیجیریا، 52 هاووڵاتییان (ژن، منداڵ و گەنج) لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە ڕفاندووە و تا ئێستا چارەنووسی ڕفێندراوەکان دیار نییە.
شیهۆ عەبدوڵا، شایەتحاڵێکی ڕووداوەکەیه ئاشکرای کردووه، سەرەتا گرووپە چەکدارەکان نزیکەی 100 کەسیان دەستگیر کرد کە کچە 12 ساڵانەکەی خۆی لە نێویاندا بوو، بەڵام دواتر بەشێکیان ئازاد کرد و تەنیا 52 کەسیان هێشتەوە و بردیانن.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایه، ویلایەتی زامفارا لە باکووری ڕۆژئاوای نەیجیریا ساڵانێکە بە یەکێک لە ناوچە هەرە نائارامەکانی وڵاتەکە دادەنرێت، ئەم ناوچەیە بەردەوام ئامانجی هێرشی گرووپە چەکدارەکانە کە لە ناوخۆی نەیجیریادا بە ناوی 'باندیتەکان' ناسراون و کاری ڕفاندن بۆ دەستکەوتنی باج، کوشتن، تاڵانکردنی گوندەکان و دزینی ئاژەڵ ئەنجام دەدەن.