وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتی کردەوە لە ئێستادا هیچ دانوستاندنێکیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت و جەختی کردەوە، کە هیچ نیازێکیان نییە بۆ دانوستاندن. 

کەمێک پێش ئێستا ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەم و سەرجەم ئەندامانی شاندی دانوستاندنەکانی ئێران، لە ناوەوەی وڵاتن و بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە نەڕۆیشتوون.

بەقایی، لە بارەی ئەگەری دانیشتن و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان ئاماژەی بەوە کرد کە بەنیاز نین پێشوازی لە هیچ شاندێک بکەن و نابنە میوانی هیچ لایەنێک.

لەبارەی هاتووچۆی کەشتییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "ئێستا گفتوگۆیەک هەیە لەگەڵ عوماندا سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز و ڕێکخستنی هاتووچۆی کەشتییەکان، بەڵام دەبێت هەمووان بزانن دۆخی هورمز بە ئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش ئاڵۆزییەکان."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەگەر لە داهاتوودا گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، دەبێت ئەو وڵاتە هەڵسوکەوتێکی 'بەرپرسیارانەتر' پێشان بدات".

درەنگانی شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکەنەوە و هێرشێکی سەربازیی گەورەی پلاندانراوی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.

لە کاتێکدا کە باسی دانوستاندن گەرم دەبێتەوە، کەناڵی CNNی ئەمریکی ڕاپۆرتێكی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەفسەرێکی باڵای سێنتکۆم داوای لە ژمارەیەک سەرباز و فەرماندەی ئەمریکی کردووە بیرۆکەی 'داهێنەرانە و ناتەقلیدی' پێشکەش بکەن بۆ چۆنیەتیی سزادان و زیادکردنی فشار لەسەر ئێران. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت کە واشنتن هەڵسەنگاندنی بژاردە جیاوازە سەربازیی، ئابووریی و دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هەنگاوەکانی تاران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا.