وەزیری تەندروستیی عێراق بە هۆی کەمتەرخەمی و خراپیی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەرخی گشتیی لە بەغدا لە کارەکەی لادا.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە گەشتێکی مەیدانیی له ناكاودا بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی بەغدا، زنجیرەیەک ڕێکار و سزای کارگێڕی جێبەجێ کردووە.
وەزیری تەندروستی جیا لە لادانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەرخ، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پشکنینی ڕاسپاردووە بۆ ماوەی 2 هەفتە کارەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بەڕێوە ببات و دیدگایەکی نوێ بۆ چاکسازی پێشکەش بکات.
موسەوی سەردانی نەخۆشخانەی عەلەوییەی منداڵانیشی کرد و بەدواداچوونی بۆ بەشەکانی فریاکەوتن، چاودێریی چڕ و دەرمانخانەکان کرد، هاوکات جەختی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە و دابینکردنی کورسیی کارەبایی بۆ چەندین حاڵەتی مرۆیی کردەوە.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە 460 تیمی خۆبەخش لە ناو زیارەتکاران کار دەکەن و نەخۆشخانەی غازی حەریریش لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 385 هەزار پشکنینی تاقیگەیی ئەنجام داوە.
ئەم هەوڵانەی وەزارەتی تەندروستی لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیی کەرتی گشتیی و چاودێریکردنی وردی نەخۆشخانەکاندایە و دوای ههڵمهتی 'بهرهبهیان'ی عهلی زهیدی ئهم جۆره ههڵمهتانه ئهنجام دهدرێت.