ترەمپ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ئاشكرا کرد و جەخت لە مامەڵەی دیپلۆماسی دەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا جەختی لە خواستەکانی بۆ مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران کردەوە و گووتی: "پێم باشە ڕێککەوتن بکەین، من بەدوای کوشتنی خەڵکەوە نیم."

ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەدا هۆشداری دا، کە ئەگەر دانوستان نەکەن، ئەمریکا بۆ هێرشێکی تەواو بەهێز و فراوان ئامادەیە، کە لە ئەنجامدا، خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن، بۆیە پێی باشە ڕێککەوتن بکەن.

لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە کە ئەمڕۆ دووشەممە 3-8-2026 دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ ترەمپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، ئەمریکا ئامادەبوو بەشێوەیەک هێرش بکاتە سەر ئێران، کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە جیهان شتی وای بەخۆیەوە نەدیوە، بەڵام سەرەڕای ئەمە، لەلایەن ئێران و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێ کراوە هێرشەکان بووەستێنن بۆ جێبەجێکردنی چوارچێوەی رێککەوتنێک.

بەگوێرەی تۆڕی سی بێس نیوزی ئەمریکی، محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە و هۆشداری لە دژی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران پێداوە، ترەمپیش لەسەر داوای ئەو هێرشەکانی بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە.